“هێرشەکان هۆشدارێکن بۆ کۆماری ئیسلامی و هەوڵێکن بۆ تۆڵەسەندنەوە”

11 تشرینی یه‌كه‌م 2016 4 comments

rudaw

لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ بەشی خەبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووداو شرۆڤەی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی گەریلاکانی پەژاک بۆسەر بنکە و بارەگاکانی سپای پاسدارانی ئێرانم کرد. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، نە پەژاک و نە باقی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هیچ کام لێدوانی فەرمیان لەمبارەوە نەدابوو و بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی ڕەبەتی سەردەشت و مەریوانیان نەگرتبۆ ئەستۆ بەڵام بڕوای من ئەوە بوو کە ئەگەر پەژاکیش ئەو هێرشانە وەستۆخۆ بگرێ، بە مانای ئەمە نییە کە قۆناخێکی نوێ لە خەباتی چەکداری دەستپێدەکا و کۆتایی بە ئاگربەست دێنێ بەڵکوو زیاتر وەک هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی سەلاس و باوەجانی دەدات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا دەیان تێکهەڵچوونی خوێناوی لەم چەشنە هاتوونەتە ئاراوە بەڵام ئاگربەستە نافەرمییەکەی نێوان پەژاک و ئێران هەر کۆتایی نەهاتووە. جگە لەوەش پەژاک و دەستەخوشکەکەی پەکەکە، زیاتر فۆکووسیان لەسەر ڕۆژئاوا و باکوورە و ئەمرۆژانە بە گونجاو نازانن کە بەرەیەکی دیکەی شەڕی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵات بکرێتەوە.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: , ,

فاتمۆکێ/ مستۆ دادار

29 ئاب 2016 3 comments

فاتمۆکێ کوێستانمان کێلەشینە!
فاتمۆکێ چەن بە بەفر و کەوینە!
فاتمۆکێ ئەو ساڵ چ گراویم نینە!
فاتمۆکێ جەرگم هەمووی برینە!..

فاتمۆکێ بە شاخاندا داهاتم!
فاتمۆکێ شەختەی پاییزێ ئەنگاوتم!
فاتمۆکێ کوێستانمان خۆشە کوێستان!
فاتمۆکێ سێنگی تۆم باخ و بێستان!

فاتمۆکێ ماچێکم لێت بردەوە!
فاتمۆکێ بە گرێو و چۆڵەمەشکێن!
فاتمۆکێ هەوارمان پیرە سەنان!
فاتمۆکێ ڕەشماڵ و تاوڵ و خێومان!

فاتمۆکێ پاشە توو ئەو هەوارە!
فاتمۆکێ چۆڵە و بل ئاسەوارە!..
فاتمۆکێ دە نێو دەریا دا دوڕی!
فاتمۆکێ جەرگی ئالەمێت بڕی!
فاتمۆکێ ڕەببی بابت زەرەر کا
فاتمۆکێ لە جەڵەبی کاوڕی!

فاتمۆکێ کوێستانمان کێلەشینە!
فاتمۆکێ چەن بە بەفر و کەوینە!
فاتمۆکێ ئەوساڵ چ گراویم نینە!
فاتمۆکێ دە وەرە حاڵم ببینە!
فاتمۆکێ کوێستانمان چیای قەندیلی!
فاتمۆکێ توڕی نەدا مەندیلی!

:هاوپۆله‌کانPoemMusic

“فڕاکسیۆنی نوێنەرانی سوننی نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان ناکات”

24 ئاب 2016 2 comments

rudaw

لە لێدوانێکدا بۆ ڕووداو: فڕاکسیۆنی نوێنەرانی سوننی، پێکهاتەیەک نییە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگای کوردستان بکات بەم هۆیە کە کوردستان، پێکهاتەیەکی یەکڕەنگ و یەک ئایین نییە و بگرە نزیک بە نیوەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوردی شیعەمەزهەبن و هەژمارێکی بەرچاویش کوردی یارسان و ئەهلی حەق و زەردەشتی و پێڕەوی ئایین و ئایینزاکانی ترن.
هەر چالاکییەک کە بتوانێ دەنگی خەڵک بگەیەنێتە ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵات و بەدواداچوون بۆ مافەکانیان بکات، یا ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ مەتڕەحکردنی داواکاری کورد، مایەی خۆشحاڵییە و جێگەی ڕێزە بەڵام وەک دەزانرێ، سیاسەتکردن لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا، کردەوەیەکی سنووردارە. سیاسەتمەدار مەجالێکی ئەوتۆی نییە تا بتوانێ ئەوەی لە دڵی دایە باسی بکا. هێڵە سوورەکان ئەوەندە زۆرن، کە هەر چەشنەباسێک سەبارەت بە کوردستان و مافە نەتەوایەتییەکان، هیڵی سوورە بەڵام سەرەڕای ئەوەش فڕاکسیۆنێکی ئاوا ڕێگەپێدراوە. سەردەمی خاتەمی کەش و هەوایی سیاسیی ئێران ئاوەڵاتر بوو و پارلەمانتارانیش بوێرتر بوون بۆیە فڕاکسیۆن دامەزرا و ئێستاش ئەگەرچی چەند مانگە باس لە دامەزرانی دەکرێ، بە هۆکارگەلی نادیار، ئەو یەکە سەری نەگرتووە. ئایا بەربەستێک هەیە، دڵنیا نیم بەڵام دیارە کاری جیددی بۆ نەکراوە. بەڵام دەزانین کە بەرە بەرە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار نزیک دەبێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی کرانەوەی کاتی فەزای سیاسیی و مومکینە ئەو فڕاکسیۆنەش لەو کەش و هەوایەدا دامەزرێ.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان:

“پاش ئاشتبوونەوەی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و ئیسرائیل، کەجەکە داوا لە ئانکارا دەکات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ”

21 ئاب 2016 1 comment

دوێنی[٢٠ی هه‌شـتی ٢٠١٦] لە هەندێک لە میدیاکاندا باس لەوە کرا گوایە ڕێبەرایتی کۆما جڤاکێن کوردستان، لەسەر داخوازی
گەلێک هێزی جیهانی و هەرێمی بە نیازی گەرانەوەدایە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان. ئایا بارودۆخەکە لە باردایە بۆ گەرانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ؟
لینکی وتووێژەکە لەسەر ماڵپەڕی ڤی ئۆ ئەی

ڕۆژنامەوان مەسعوود مەناف، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەمبارەوە دەڵێت “بارودۆخەکە بەو شێوە لەبار نییە بۆ گەرانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ، چونکە ئێستا تورکیا تێکەڵاوی قەیرانێکی ناوخۆیی پاش کودەتاییە و لە لایەکی ترەوە شەر و تێکهەڵچوونەکان لە باکووری کوردستان دە قاتی ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو، بەرز بوەتەوە، لە لایەکی تریشەوە کێشە و ئاڵۆزیەکان و بۆمباران بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی گەریلاکانی پەکەکە و هەر وەها هێڕش بۆ سەر شارەوانیەکانی سەر بە پەکەکە و بارگاکانی پارتی دیمۆکراتییکی گەلان و بەرپرسانی کورد لە باکوری کوردستان”.

کاک مەسعود هەر وەها دەڵێت “ئەو گۆرانکاریانەی کە لەم دواییەدا هاتوەتە گۆرێ و KCK ی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە کە دیسان بۆ جارێکی تر باس لە وتو وێژ لەگەڵ تورکیا بکاتەوە ئەوەیە کە، تورکیا پاش ئەو هەموو ململانیە توند و ئاڵۆزیە دیپلۆماسیەی لەکەڵ ئیسرائیل دا هەبوو، لەم داییانەدا توانی کێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر بکا، تا رادەیەکی باش توانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا ئاسایی بکاتەوە وە هەر وەها هەندێ هەڵمەتی تر بۆ ئاشتبۆنەوە یان نزدیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ دراوسیەکانی وەکو ئێران و عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەر بۆیە KCK وا دەزانی مادام تورکیا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی دوژمن یان ناکۆک دێتە سەر مێزی و پاشەکشە لە هەڵویستەکانی خۆێ بکا، گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر حەزی لێ بێ دەتوانێ لەگەڵ لایەنی کوردیش بگەرێتەوە سەر قوناغی وتو وێژ و دانوستاندنەکانی ئیمرالی”.

ناوبراو “ئەگەر چاودێرێ و ناوبژی کەرێکی سیاسی و زلهێزێک وەکو ئەمەریکا کە پێشووتر PKK چەندین جار داوای لێکردووە ببێتە نێۆبژیوان، لە رەوتی گفت و گۆ دانوستاندنەکاندا بێت و بیەوی ناوبژیوانیەک لە نێوان ئەو دوو لایەنە بکات، بە دوور نییە کە KCK ئاگربەسێکی تر رابگەینێ و پرۆسەیەکی نوێ وتو وێژکردن دەستپێکاتەوە”.

 

 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

”هەڵویستی جیهانی دەرەوە بەو ڕادە نەبووە تورکیا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ پاشەگەز بکاتەوە”

voa

لە وتووێژ لەگەڵ جانی دیلان، لە دەنگی ئەمریکا

پاش کودەتا سەرنەکەوتووە لەشکەرییەکەی تورکیا، کەسانێکی زۆر هەر لە لەشکەریەکانەوە بگرە تا ئەکادیمیست و رۆژنامەنووسەکان بەکۆمەڵ دەستگیر کراوون. ئاخۆ چ هەڵسەنگاندن وروانینێک هەیە بۆ کاردانەوەکانی جیهانی رۆژئاوا بەرامبەر بەو دەستگیردنانە؟

ڕۆژنامەوان مەسعوود مەناف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “بەداخەوە هەڵویستی خەڵک لە جیهانی دەرەوە، هەلویستی سیاسەتمەدار و دیپلۆماتەکان لە دونیای دەرەوە بەو رادەیە نەبوە کە تورکیا لەو قۆڵبەستکردنە هەڕەمەکیە و ئەو پێشێلیە زۆرانەی کە تا ئێستا کردوویەتی پاشگەز بکاتەوە”. ناوبراو هەر وەها دەلێت “بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی تردا لەگەڵ تورکیا باڵێکی زۆری بە سەر مافەکانی مرۆڤدا لەو وڵاتەدا کێشاوە، نەک هەر ئەمەریکا بە هۆێ بەرەنگاربوونەوەی لەشەری داعشدا و پێویستی بە تورکیا وەکو هاوپەیمانیەکی مەزن کە لەو ناوچەدا نەرمیەکی نواندووە، بەلکو زۆری وڵاتانی تری ئەوروپاییش بە هەمان شێوە نەرمیان نواندووە و گوشارێکی زۆریان نەخستوەتە سەر تورکیا. بانگنەهێشتنی دەمیرتاش بۆ کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەردۆغان لەگەڵ لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن وا نیشان دەدات سیاسەتی تورکیا و ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد نەگۆراوە کە هەمان ڕوانگەی کەماڵیست و نەتەوەپەرستە تورکەکانە و ئەو رێبازەی ئەردۆغان تورکیا بەرەو هەڵدێر دەبات”.

دەقی وتووێژەکە لەم لینکەدا گوێگر بن

گاڵتونگ سەبارەت بە بەهاری عەرەبی

19 حوزه‌یران 2016 لێدوانێک بنووسە

یووهان گاڵتونگ، پرۆفیسۆری داهێنەری دیسیپلینی لێکۆڵینەوەی ئاشتی بەهاری عەرەبی وەک سێهەم سەرهەڵدانی عەرەب دژ بە ئیمپڕاتۆریەت پێناسە دەکات.
یەکەم سەرهەڵدانیان دژ بە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بوو
دووهەم سەرهەڵدانیان بەرانبەر بە ئیمپڕاتۆریەتیی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسا، ئیتالیا و ئینگلیز بوو کە دیکۆلۆنایزەیشن و لەدایکبوونی چەند وڵاتی عەرەبی و دواجار شەڕی سوئێزی لێکەوتەوە.
سێهەم سەرهەڵدانیان، بەهاری عەرەبییە کە دژ بە ئیمپڕاتۆرییەتی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئەو ئیمپڕاتۆرە بچکۆڵە دەستنیشانکراوانەیە کە لە لایەن ئەمریکاوە بەسەریادا سەپاوە.

:هاوپۆله‌کانComment

جیاوازی گوتار لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات: شەڕ یا سازش/ ڕووداوی ڕۆژهەڵات

17 حوزه‌یران 2016 لێدوانێک بنووسە

لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی ڕووداودا، باسمان لە ئەگەری خەباتی چەکداری دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، جیاوازیی گوتار لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە شەڕکردن یا سازش و دیالۆگ و ڕۆڵی حیزبەکان لەم قۆناخەدا کرد… بۆ بیستنی دەقی گفتگۆکە کرتە لەسەر ئەم لینکە بکەن

:هاوپۆله‌کانComment

وتووێژێکی کورت لەگەڵ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە سەندنەوەی مافی حەسانەی سیاسی لە پارلەمانتارانی هەدەپە

رۆژنامەوان “مەسعوود مەناف” لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت” راستیەکەی ماوەی دوو ساڵە تورکیا رووبەرووی قەیرانێکی زۆر قوڵ بوەتەوە هەم لە باری سیاسی و هەم لە باری سەربازی و لە باری دیپلۆماسی تورکیا سەرجەم هەوڵەکانی بە شکەست گەیشتوون لەبەرامبەر سوریادا وە هەر وەها دووپات بونەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی رابوردوو کێشەکانی ئەو وڵاتەی قۆڵتر کردەوە کە هەمووش دەگەرێتەوە بۆ ئەو خواست و مەیلەی رەجەب تەیب ئەردوگان بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی تورکیا و بەرەو رووبونەوە و بەرەنگار بونەوەی هەمە لایەنەی بزوتنەوەی سیاسی کورد و بەشیکی تر لە بزوتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی تورکیا کە ئەو وڵاتە بەرەو ئاقارێکی زۆر نا روون و ئاڵۆز بردووە”. ناوبراو هەر وەها دەڵێت” کێشەی سەرەکی و ئامانجی سەرەکی هەڵگرتنی ئەو پارێزبەندیە، ئەو قەڵغانە یاساییە، پەرلەمانتارانی هەدەپەنە و هەڵبەت کۆدەتایە”. ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت” ئەگەر بێت پەرلەمانتارەکان بە زۆر قۆڵبەست و راکێشی دادگاە و پاشان گرتووخانەکان بکەن، ئاڵۆزیەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە وشیانی هەیە کشانەوەی یەکجاری لە سیاسەت لە ئاست تورکیادا و دامەزراندنی پەرلەمانێکی خۆجەیی لە ئامەد و چڕتر بونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان باڵی چەکداری بزوتنەوەی سیاسی کورد و دەوڵەتی تورکیا وە هەر وەها ئەگەری جۆڵانی شەقام”.

دەقی وتووێژەکە لەم لینکەدا  دەتوانن ببیسن

:هاوپۆله‌کانComment

“ئه‌م ڕاپرسیه‌ نیشانی ده‌دات به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لایه‌نه ڕاستڕه‌وه‌کان ده‌لێن باوه‌شی خه‌ڵک بۆ په‌ناخوازان کراوه‌یه‌”

شاهید عەلەوی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕاپۆرتێکی سه‌باره‌ت به ڕاوه‌رگرتنیکی نیونه‌ته‌وه‌یی بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ نیشانی ده‌دات زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕایان وه‌رگیراوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی له‌ شه‌ڕ و سه‌رکوتی سیاسی ڕا ده‌که‌ن په‌نا بدرێن و پێشوازیان لێبکرێت. ئه‌م ڕاپرسیه‌ له‌ 27ی وڵاتی جیهان ئه‌نجام دراوه‌ و ڕای 27،000 که‌س وه‌رگیراوه‌. به‌ پێی ئاکامه‌کانی ڕاپرسییه‌که‌ زیاتر له‌ 80 له‌ 100ی ئه‌وانه‌ی ڕایان وه‌رگیراوه‌ ده‌ڵێن ئاماده‌ن له‌ په‌ناخوازان له‌ شار و گه‌ڕه‌ک و خانووی خۆیاندا پێشوازیان بکه‌ن. خه‌ڵکی چین له‌ ئه‌م ڕاپرسیه‌دا له‌ پله‌ی هه‌ره‌ سه‌روودان و دوای چینیش، خه‌لکی ئاڵمان و به‌ریتانیا زیاترین ڕاده‌ی پێشوازیان بۆ په‌ناخوازان هه‌یه. له‌ هه‌ندێک وڵاتاندا ئه‌وانه‌ی ڕایان وه‌رگیراوه‌ گوتوویانه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌یان له‌ کارتێکردنی خۆی بۆ یارمه‌تی دان به‌ په‌ناخوازان که‌ڵکی زیاتر وه‌ربگریت. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ که‌ مه‌ده‌نێکان له‌ وڵاته‌ جواروجۆره‌کاندا زیاتر له‌ حکومه‌ته‌کانی خۆیان خوازیاری یارمه‌تی دان به‌ په‌نابه‌رانن. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ زۆربه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی حکومه‌ته‌کان به‌رامبه‌ر به‌ په‌ناخوازه‌کان ده‌یگرنه‌ به‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و ئاره‌زووی هاووڵاتیانیان نیه‌.

بۆ باس له‌ ئه‌م باره‌یه‌وه‌، له‌ گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعود مه‌ناف، ڕۆژنامه‌نووس له‌ ناوه‌ندی نوچه‌ و شرۆڤه‌ی ڕۆژ وتووێژمان کردوه… دەقی وتووێژەکە لەم لینکەدا ببیسن

:هاوپۆله‌کانComment

ئیدەی بووکچین، دەوڵەت و ڕۆژئاوای کوردستان

19 شوبات 2016 1 comment

مادام کە لە سەردەمی وێستفاڵیاوە، دەوڵەتنەتەوە وەک ئۆختاپووس، چەنگی خستۆتە ناو پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نەزمی جیهانی و سەرجەم کردەوە و دژکردەوە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییەکان و وەک تاکە ئەکتەری ڕەوا لەم بوارانەدا دەزانرێ، دژایەتییەک لە نێوان ئەو پێکهاتە بێدەوڵەتەی کە بووکچین داوای دەکات لەگەڵ دەوڵەتگەلی مەوجوود دێتە ئاراوە. یانی ئەوەی بووکچین سەبارەت بە ناپێویستبوونی دەوڵەت دەیڵێ بەو مانایە دێت کە دەکرێ خەڵک لە کۆڵان و گەڕەک و گوندەکان، لە هەر شوێن کە بۆیان دەگونجێ، خۆیان لە چوارچێوەی مەجلیس و ئەنجومەنان ڕێکبخەن، پەرە بەو جۆرە ڕێکخستنە بدەن، ئەنجومەنەکان لەگەڵ یەکتر پێوەندی بگرن و ببنە تۆڕێکی کۆنفێدراڵ وەک ڕایەڵەیەکی بەرفراوان لە دەیان و بگرە سەدان و هەزاران ئەنجومەن کە کاروباری کۆمەڵایەتیی خەڵک لە خوارەوە ڕێکدەخەن و تا باڵاترین ئاستی دەبەن. بەپێی ئەو ڕوانگە ئەو کۆنفێدراسیۆنە لە ئەنجومەنە خۆڕسکە خەڵکییەکان، دەبێتە هاوتەریبی دەوڵەت. مومکینە لەو حاڵەتەدا دەوڵەت، دەسەڵات یا ڕایەڵەیەکی هاوتەریبی خۆی قبووڵ نەکا و ئەوسا کۆنتاکت بێتە ئاراوە بەڵام بووکچین هیوا دەخوازێ کە لە ڕێگەی دیالۆگەوە ئەو ناکۆکییە چارەسەربکرێ.

بەو پێیەی باشترین ژینگە بۆ سەرهەڵدان و پڕاکتیزەکردنی ئیدەی بووکچین شوێنێکە کە تێیدا دەوڵەت ناکارامەیە، یا لە بەرەبەرەی داڕماندایە یا بەگشتی تێکڕووخاوە. هەر بۆیە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێ ببێتە ژینگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی ئەو ئیدە بێ ئەوەی پێکهاتەیەکی وەک دەوڵەت هەبێ تا بەرەنگاری کۆنفێدراسیۆنی ئەنجومەنە خۆجێی و گەلییەکان ببێتەوە. وێدەچێ ئۆجالان و ئەو سیاسەتمەدارانەی کە ئێستا جڵەوی سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستانیان بەدەستە، بەم هۆکارانە، ڕۆژئاوایان وەک شوێنی پڕاکتیزەکردنی ئیدەی بووکچین هەڵبژاردبێ.

جانێت بیهێڵ، هاوکار و هاوسەری بووکچین لە بەرنامەی ڕاوێژی ستێرک بە مۆدراتۆری کاک حەسەن قازی، باس لەم مژارە دەکات

:هاوپۆله‌کانComment

لە شوێنێک سەبارەت بە “خەون و خەون دیتن” خوێندمەوە کە:

19 كانونی دووه‌م 2016 لێدوانێک بنووسە

لە سەتا نەوەتی ئەو خەونانەی کە دەیانبینین، لەبیریان دەکەین. لە سەتا پەنجای لە ماوەی ٥ دەقە دوای وەخەبەرهاتنمان و لە سەتا نەوەت تا دە دەقە دوای وەخەبەرهاتنمان

هەر شەو، ئەوپەڕی ٧ خەون دەبینین، بۆ زۆربەی خەڵک ئەو هەژمارە شتێک لە نێوان ٤ و ٧ە. کۆی ماوەی خەونانە دیتن، نزیک بە دوو کاتژمێری پێدەچێ

کوێریش خەون دەبینن! بە تایبەت ئەو کەسانەی دوایی لەدایکبوون بە هۆکارێک کوێر بوونە، خەونی وەک ئێمە بە دیمەن و وێنە دەبینن بەڵام کوێرە مادەرزادەکان نا! خەونی ئەوان، زیاتر تێکەڵێک لە بۆن و دەنگ و هەستکردن بە زەخت وگەرما و

هەموو کەس خەون دەبینێ جگە لەوانەی کە تووشی نەخۆشی دەروونی زۆر قووڵن. ئەوانەی کە هەست دەکەن خەون نابینن، لە هەڵەدان بۆیە کە تەنیا کێشەیان نەک خەون دیتن، بەڵکوو زوو فەرامۆشکردنییەتی

لە خەونەکانماندا سیمای کەسانێک دەبینین کە دەیانناسین، ئەوانەی کە نەناسراون، بەرهەمی خەیاڵ و زەینی ئێمە نین. زەین ناتوانێ لەخۆوە سیما بخوڵقێنێ بەڵکوو ئەو سیما نەناسراوانە یەکێک لەو هەزاران سیمایەن کە بە درێژایی ژیانمان دیتوومانن بەڵام دەرفەتی ناسینمان نەبوونە

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment

“برا لە پشت برا بێ، قەزا مەگەر لە لای خوا بێت”

25 كانونی یه‌كه‌م 2015 28 comments

rudaw

دیمانە لەگەڵ ڕووداو: پەندێکی پێشینیان کە بە جوانی و ڕەوانی، شرۆڤەی پشتیوانیکردنی پارچەکانی کوردستان لە خەباتی یەکتری پێ دەکرێ. لەم ڕۆژانەی دواییدا گرووپێکی ئانلاین بە ناویهەڵمەتی پشتیوانی لە کوردانی باکوور، هەڵمەتیکی خۆڕسک لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستپێکرد و داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بە هەرچەشنێک دەتوانن پشتیوانیان لە خەباتی کوردانی باکوور نیشان بدەن و دژ بە کوردکوژی ئەردۆغان بوەستنەوە. هاووڵاتییان وەڵامی ئەرێنیان بە بانگەوازەکە دایەوە و پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە، ٣ی بەفرانبار، لە چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سنە، کرماشان، ئیلام، پاوە، سەقز و هتد و هەروەها لە بەر دەرگای باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران و کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە ورمێ چالاکیگەلێک بەڕێوەچوو بەڵام پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکان دەستیان دەو چالاکییانە وەردا و بڵاوەیان بە خەڵک کرد و هەژمارێک خۆپێشاندەریشیان قۆڵبەست کرد و هەڕەشەی پێشوەختیان لە هەژمارێکی تریش کردبوو.

بەڵام هەرچۆنێک بێت، بێ لەبەرچاوگرتنی چەندایەتییەکەی، شەقام جووڵا و نیشانی دا کە مادام کورد نەتەوەیەکە، دەرد و ئازارەکانیشی یەکن. ئەوە سروشتیترین ڕێگەی دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزییە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خۆ بە بەشێک لەو نەتەوە لەیەکدابڕاوە دەزانن بەڵام هەر بەدەر لەوەش، ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە کە دژ بە قەتڵوعامی بەکۆمەڵی خەڵکی بێدیفاع و ژن و مناڵ هەڵوێست بگیردرێ. هەڵوێستی لەم چەشنە یەکێک لە کاردکردەکانی ناسیۆناڵیزمە، کە بێ گوێدان بە کات، سات، سنووری دەستکرد و مەودا، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تاکەکەسی، حیزبی و ناوچەیی، بەرانبەر بە هەر تەعدایەک دژ بە هاونیشتمانییەکەی، هاونەتەوەکەی هەڵوێست دەگرێ. هەر وەک چۆن دڵی ئێمە وەک مرۆڤ بۆ خەڵکی فلستین و ئاوارەکانی حەڵەب و برسییەکانی سوودان دەهەژێ، چ لەوە ئاساییتر نییە کە هەوڵ بدەین ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر ئەو زوڵمەی دەرحەق بە دراوسێکانمان، بە هاوزمانەکانمان لە چەند کیلۆمەتری سنوورە دەستکردەکانی ئێمە دەکرێ. زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

کوژرانی ٢ برینداربوونی ٦ پۆلیسی تورک لە ئامەد

15 كانونی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێووڕەسمی بەخاکسپێرانی دوو گەنجی ئامەدی، تەقینەوەی مینێکی چێنراو لە نزێک ‫#‏فارقین‬/سیلڤانی ئامەد کوژرانی ٣ پۆلیس و برینداربوونی ٢ی تری لێکەوتەوە. لە ناوچەی سووریش کە ١٢ ڕۆژە لە لایەن هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانی تورکیاوە گەمارۆ دراوە، هێرش کرایە سەر زرێپۆشێک و لە ئاکامدا سەربازێک برینداربوو و زرێپۆشەکەش تێکشکا.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

“سەماکردن” لەگەڵ “ورچ”

13 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

جەنگیز چاندار- ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف/ ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

هەر کە گەیشتمە برووکسێڵ هەواڵی بۆمبارانە خەبەرییەکەی ڕووسیام بیست. ئاناتۆلی ئانتۆنۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی ڕووسیا لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند کە تورکیا مامەڵەی نایاسایی نەوت لەگەڵ داعش دەکات و هەژمارێک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کە خزم و کەسی سەرکۆماری تورکیاشیان لەناودایە، دەو مامەڵە نەوتییەوە گلاون. لە بەرانبەر ئەو بانگەشەی ڕووسەکاندا، بەرپرسانی ئەمریکی بۆ وێنە کاربەدەستێکی پینتاگۆن، خێرا ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ئاژانسی ڕیا نۆڤۆستی دا و وتی “ئێمە ڕەتیدەکەینەوە کە پەیمانێک سەبارەت بە قاچاخچێتیی نەوت لە نێوان حکوومەتی تورکیا و داعشدا هەبێ”. ناوبراو وتیشی کە “تورکیا بە هاوکاری هاوپەیمانان، لە هەوڵی هێمنترکردنی سنوورەکانی سووریایە” و بە گوتنی ئەوەش کە “ئامانجمان پێشگرتن لە بازرگانیی نایاسایی داعش بە نەوتە”، پشتیوانی وڵاتەکەی لە تورکیا نیشان دا.

جێگری وەزیری بەرگریی ڕووسیا باسی لەوەش کرد کە حەوتووی داهاتوو کۆمەڵێک بەڵگە بڵاودەکەنەوە کە پشتیوانیکردنی تورکیا لە داعش دەسەلمێنن. بەو پێیە قەیران لە پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیادا بەرەو خاڵێکی نادیار لە هەڵکشاندایە. بۆمبارانە خەبەرییەکەی ڕووسەکان و بانگەشەکانیان لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و مەولوود چاووشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا چاویان پێک بکەوی.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

تورکیا و سیناریۆکانی مووسڵ و کەرکووک

8 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

حەسەن جەماڵ- تی٢٤
لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف- ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

ڕێکەوت ٢ی ئاگۆست/ئەیلوولی ١٩٩٠ە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە داگیرکرانی کوەیت لە لایەن سەددام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێڕاقەوە شێواوە. ئەمریکا مەزنترین هێزی سەربازی وڵاتەکەی پاش شەڕی ڤیەتنام، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کەنداو کۆکردەوە. ئەم بشێوییە، بە تایبەت بەهۆی بنکەی سەربازیی ئینجەریک، قیمەتی تورکیای لای ئەمریکییەکان بردە سەر. ماوەیەک بەر لەم ئاڵۆزییە، دیواری بەرلین تێکڕووخابوو، کۆمۆنیسم لەناوچووبوو و بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، چاودێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تورکیا نرخی جارانی لای هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی نامینێ و گرینگیی ستراتیژیکی پێشووی لەدەست دەدا. هەر بۆیەش تورگوت ئۆزال، سەرکۆماری ئەوکاتی تورکیا، لەپێناو بردنەسەری نرخی چەنەلێدانی تورکیا لە مامەڵە سیاسییەکاندا کەوتبۆ حەولدانێکی هەمەلایەنە و دەیویست هەرچۆنێک بێ، شەڕی کەنداو لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی بقۆزێتەوە و جارێکی تر، جێگە و پێگەیەکی شیاو بۆ تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستەبەر بکا.

ئۆزال، ڕۆژی ١٨ی ئاگۆست، دوو حەوتوو پاش داگیرکرانی کوەیت لە لایەن سەددام حوسێنەوە، من و هەژمارێکی تر لە ڕۆژنامەنووسانی تری بانگهێشتی کۆشکی چانکایا کرد و گوتی: “ئەمە-هێرشی سەددام بۆ سەر کوەیت- گرینگترین ڕووداوی پاش جەنگی جیهانیی دووەمە بۆیە کە سەدا ٨٠ی خەزێنەی نەوتی جیهان لە کەنداوە. ئەمەش کەنداوی کردۆتە شادەماری ژیانی ڕۆژئاواییەکانە. پێویست ناکات مرۆڤ شارەزایی بواری ستراتێژیک و ئەمانە بێ تا لەوە تێبگا کە مومکین نییە ئەمریکا بەمە-داگیرکرانی کوەیت لە لایەن عێڕاقەوە- ڕازی بێ.” زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

ئازادکرانی بەرپرسی ماڵپەڕی “ڕوانگە”

6 كانونی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: بە گوێرەی هەواڵێکی موکریان نیوز، د. “حەسەن شێخ ئاقایی”، بەرپرسی ماڵپەڕی ڕوانگە، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی سەرماوەز-٦ی دێسامبر، بە سپاردنی بارمتەیەکی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازادکراوە.

د. “حەسەن شێخ ئاقایی”، ڕۆژنامەنووس و کاریکاتۆریستی مهابادی، دوو مانگ لەمەوبەر[ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ]، لە شوێنی کارەکەی لە مهاباد لایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە قۆڵبەست کرا.

ناوبراو دواتر بۆ گرتووخانەیەیکی ئیتلاعات لە ورمێ گوازرایەوە و تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران”ی خرایە پاڵ.

هاوکات لەگەڵ قۆڵبەستکرانی حەسەن شێخ ئاقایی، یوونس قوربانی فەر، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕوانگەش هەمان ڕۆژ قۆڵبەست و پاش چەند کاتژمێریک ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەزبەر/ ١٠ی ئۆکتۆبر، دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕەکە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی کورت لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ڕایانگەیاندبوو کە بەڕێوەبەریی ڕوانگە لەدەست بەرپرسانی سایتەکەدا نەماوە و تا ڕاگەیاندراوێکی تر، بەرپرسیارێتیی هیچ چەشنە گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراوی بڵاوکراوەکانی ئەو ماڵپەڕە ناگرنە ئەستۆ.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

قۆڵبەستکرانی ٣ گەنجی سەردەشتی

6 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ، سێ گەنجی سەردەشتی بە ناوەکانی “سروە عەبدی”، براکەی “عەلی عەبدی” و دەزگیرانەکەی “سامان ئیبڕاهیم پوور”، لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی سەرماوەزەوە لە ماڵی خۆیان قۆڵبەست کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

تا ئێستا هۆکاری قۆڵبەستکرانی ئەو سێ گەنجە سەردەشتییە ڕوون نەبۆتەوە بەڵام دەگوترێ سامان ئیبڕاهیم پوور و سروە عەبدی، ساڵی ڕابردووش قۆڵبەست کرابوون و پاشان بە سپاردنی بارمتەی ماڵی ئازاد کرابوون.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

مه‌سعوود مه‌ناف: قه‌یرانی په‌نابه‌ران به رێکه‌وتنی تورکیا و یه‌کیه‌تی ئۆروپا چاره‌سه‌ر نابێت

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

شاهید عەلەوی- دەنگی ئەمریکا: به پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵنێری فه‌رانسه، تورکیا و یه‌کیه‌تیی ئەورووپا بو که‌مکردنه‌وه‌ی شه‌پوڵی په‌نابه‌ران به رێکه‌تنێک گه‌یشتون. دوناڵد تاسک، به‌رپرسی کۆمیسیۆنی یه‌کیه‌تیی ئەورووپا ده‌ڵێت 3 میلیارد دۆلار به تورکیا ده‌درێت تا بۆ جێگیرکردنی په‌نابه‌رانی سوریا له تورکیا سه‌رف بکرێت. ئه‌م رێکه‌وتنه هه‌روه‌ها رێگه به هاووڵاتیانی تورکیا ده‌دات له مانگی 10 ساڵی 2016وه بێ پێویستی به وه‌رگرتنی ویزا سه‌ردانی وڵاتانی ئەورووپایی بکه‌ن. هه‌ندێک له وڵاتانی یه‌کیه‌تیی ئەورووپا به هوی ئه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که تورکیا به دێمۆکراسی و سه‌روه‌ری یاسا پابه‌ند نیه، ڕەخنە له‌م رێکه‌وتنه ده‌گرن. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا به‌رپرسانی یه‌کیه‌تیی ئەورووپا ده‌ڵێن که ئه‌و بڕه پاره‌ی به‌ڵێنی به‌خشینی به‌ تورکیا دراوه یه‌کجێ ته‌سلیمی ئه‌م وڵاته ناکرێت و پابه‌ندبوونی به به‌ڵێنه به‌رانبه‌ره‌کانی و شێوه‌ی بەکارهێنانی ئه‌و بڕه پاره‌یه مانگ به مانگ چاودێری ده‌کرێت.

مه‌سعوود مه‌ناف، ڕۆژنامەنووس له ناوه‌ندی نووچە و شرۆڤه‌ی ڕۆژ، ده‌ڵێت تورکیا له په‌نابه‌ران وه‌ک کارتی کایه بۆ گوشار خستنەسەر یەکێتیی ئەورووپا و ده‌سته‌به‌‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌کانی که‌ڵکی وه‌رگرتوه.

لەم لینکەدا دەتوانن گوێ لە وتووێژەکە بگرن

 

 

:هاوپۆله‌کانNNSROJ تاگەکان: ,

درێژەی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی کورد

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 3 comments

NNSROJ: ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژهەڵاتیی نیشتەجێی باشووری کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێکراوە و ئەندامانی بنەماڵەکەی خراونەتە ژێر زەخت و گوشار.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، ئومێد بەرین، هەواڵنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە بۆ ئەوەی دەست لە کاری ڕۆژنامەنووسی هەڵگرێ.

هاوکات زەخت و گوشارەکان ئەندامانی بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنووسەشی گرتۆتەوە و هاوسەرەکەی لە دوا سەردانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان خراوەتە ژێر زەخت و گوشار، دەست بەسەر پەساپۆرتەکەیدا گیراوە و هۆشداری پێدراوە کە ئەگەر لە ناوبراو جیانەبێتەوە، مافی گەڕانەوە بۆ ئێرانی لێ زەوت دەکرێ.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

ر.م.م.ک داوای دۆزینەوە و سزادانی بکوژانی تاهیر ئەلچی دەکات

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی نووسراو، بەداخبوونی خۆی لە تیرۆری “تاهیر ئەلچی” پارێزەری کورد و سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد دەربڕیوە.

ر.م.م.ک لە بەیاننامەکەیدا کە وێنەیەکی بۆ ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژیش ڕەوانەکراوە، وێڕای سەرەخۆشیکردن لە خەڵکی ئامەد و باکووری کوردستان، داوای کردووە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر ئەو هێرشە بکرێ، بکوژ و فەرماندەرانی ئەو تیرۆرە قۆڵبەست بکرێن و سزا بدرێن.

تاهیر ئەلچی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، پێشنیوەڕۆی شەممە ٢٨ی نۆڤامبر، پاش بەشداریکردن لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا بە مەبەستی ئیدانەکردنی توندوتیژی و ئۆپێراسیۆنە سەربازییەکانی ناو ئامەد و باکووری کوردستان، لە لایەن کەس یا کەسانی نەناسراوەوە تیرۆر کرا و تەرمەکەی ڕۆژی دواتر بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە ئامەد بەخاک سپێردرا.

ناوبراو پارێزەری دەیان دۆسیەی ناسراو بە “بکوژ نادیار”، گیراوانی دۆزی کەجەکە، بنەماڵەی قوربانیانی ڕۆبۆسکی و هتد بوو.

تاهیر ئەلچی پاش بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانیی سی ئێن‌ئێن‌ تورکدا و خۆبواردنی لە پێناسەکردنی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، سەدان جار هەڕەشەی مەرگی لێکرابوو و دادگای ئیستانبووڵیش دەیەویست سزای ٧.٥ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێ.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

مەسعوود مەناف: نەخێر تورکیا نایەوەێ سنوورەکە کونترۆڵ بکات

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

voaزۆر لایەن نەک هەر گومان دەخەنە سەر هەڵسوکەوتی تورکیا بەڵکوو تاوانباریشی دەکەن بە یارمەتیدانی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش. لە وتارێکی واڵستریت ژورناڵدا هاتووە ئەمەریکا لە تورکیا داوا دەکات سنوورەکانی توند بکات بە رووی تیرۆریستاندا. رۆژنامەوان مەسعوود مەناف لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی ئەمەریکادا سەبارەت بەوەی ئاخۆ پاراستنی ئەو سنوورانە بە تورکیا دەکرێت، دەڵێت “پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە گەلۆ تورکیا حەز دەکات ئەو سنوورانە بەڕووی داعش دابخات یان نا، یاخود داخوازیەکی نامەعقولانە و نالۆژیکیە، بە هۆێ ئەوەی ئێمە گەواهی ئەوەین لەو سێ، چوار ساڵی ڕابردوودا تورکیا بە دەیان بەڵگە تا ئێستا لە میدیاکانی بەناوبانگی جیهانی بڵاوبوونەتەوە و تەنانەت لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکایی کە هاوپەیمانی تورکیا، بۆ وێنە جۆزیف بایدن گلەیی لە تورکیا کرد کە بەشێکی ئەو جیهادیستانەی کە لە رۆژئاواوە دێنەوە و دەچنە ناو سووریا لە خاکی تورکیا بە ئازادی دا دەروون. ئەو ڕۆژنامەنووسە هەر وەها ئاماژە بە قۆڵبەستکردنی چەند رۆژ لەمەوپێشی ڕۆژنامەوانی جمهوریەت دەکات کە هەندی بەڵگەی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەبوە لە هاوکاری میت لەگەڵ داعشدا و دواجار بەو ئاکامە دەگات کە نەخێر تورکیا نایەوەێ سنوورەکە کونترۆڵ بکات. مەسعوود مەناف هەر وەها دەڵێت لە کاتێکدا کەمتر لە 10 هەزار شەرڤان دەتوانن سنورەکانی بەری خۆیان بپارێزن و رێگا نەدەن ئەندامێکی تیرۆریستی داعش دەربازی ئەم بەر و ئەو بەری سنوور بن، بەڵام پێیم سەیرە بۆ دەبێ 30 هەزار سەرباز بۆ پاراستنی 60 کم لە جەرابلسەوە تا نزدیک عەفرین پێویست بێ؟”

لینکی وتووێژەکە

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

مانگرتن لە خواردنی گیراوێکی کورد لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: ئاسۆ ڕۆستەمی، چالاکی مەدەنی بەندکراو لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران، لە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی سەرماوەزەوە بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی لەهەمبەر قۆڵبەستکرانی بەلێشاوی چالاکانی مەدەنی مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو چالاکە کوردە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، پاش کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ لە بەر دەرگای بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران قۆڵبەست کرا.

ناوبراو دواتر بە “هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران”، “سووکایەتیکردن بە ڕێبەری ئێران” و پڕۆپاگەندەکردن دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرا و بە گوێرەی کەمپەینی بەرگری لە گیراوانی سیاسی و مەدەنی، لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران ناوبراوی بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

ئاسۆ ڕۆستەمی ١٥ مانگە لە بەندی هەشتی گرتووخانەی ئێڤینی تاراندا بەند کراوە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەکات.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

فیدراسیۆنی والیباڵی ئێران تیمی شارەداری ورمێی سزا دا

31 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: کۆمیتەی دیسیپلینی فیدراسیۆنی والیباڵی ئێران، بەهۆی سووکایەتیکردنی گرووپێک لە هاندەرانی، یانەی والیباڵی شارەداریی ورمێی بە ١٠ میلیۆن تمەن، سەرکۆنەکردنی نووسراو و قەدەخەکردنی بەرپرسی لێژنەی هاندەرانەی یانەکە بۆ دوو کایە سزا دا.

کۆمیتەی ئاماژەپێکراو هەروەها هەڕەشەی لە یانەی شارەداریی ورمێ کردووە کە ئەگە ڕووداوی لەم چەشنە دووپات ببنەوە، سزای قورستر بەسەر یانەکەدا دەسەپێنێ.

شایانی بیرخستنەوەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، گرووپێک لە هاندەرانی تیمی والیباڵی شارەداریی ورمێ، بە دیتنی ئەندامانی بنەماڵەی “فەرهاد پیرۆت پوور”، یاریزانە کوردەکەی ئەو تیمە، دەستیان بە جنێودان و سووکایەتیکردن کرد و ئەمەش دواتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هەرای نایەوە.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

قوتابخانەیەکی کوردیی تر لە باکووری کوردستان داخرا

31 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بە فەرمی قوتابخانەی سەرەتایی “ئەحمەد بایهان”ی لە نسێبینی مێردین داخست.

قوتابخانەکە سەرەتای ئەمساڵ بە مەبەستی پەرەپێدانی پەروەردە بە زمانی کوردی لە لایەن سەندیکای پەروەردە و ڕێکخراوی “کوردی دەر”ەوە کرابۆوە.

پێشووتریش لە ئامەد، باتمان، جۆڵەمێرگ و چەند شار و شارۆچکەی تری باکووری کوردستان، چەند قوتابخانەی کوردیی تر داخرابوون.

سەرەڕای پەسەندکرانی ئیزنی خوێندنی زمانی کوردی وەک دەرسی هەڵبژاردە لە هەندێک لە قوتابخانە دەوڵەتییەکان، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا خۆ لە دابینکردنی مامۆستا و تێچوو بۆ دەرسی زمانی کوردی دەبوێرێ و ڕێگە نادا لە دەرەوەی وەزارەتخانەکەش، کۆمەڵگای مەدەنی هەمان خزمەت پێشکەش بە قوتابیان بکەن.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

تێکهەڵچوون لە نێوان پۆلیسی تورکیا و داعش ١٣ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

26 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: لە ئاکامی لە ئۆپێراسیۆنیکی پۆلیسی تورکیا دژ بە ١٧ حوجرەی شاراوەی داعش لە ئامەدی باکووری کوردستاندا شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە.

بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تێکهەڵچوونەکان لە گەڕەکی “کایاپنار” و “حزوور ئێڤلەری” هاتوونەتەئاراوە و لە ئاکامیاندا ٢ پۆلیس و ٧ ئەندامی داعش کوژراون، ٤ پۆلیس بریندار بوونە و ٣ ئەندامی تری داعش بە زیندووی قۆڵبەست کراون.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

سەرۆکی هاکپار گیانی لەدەست دا

26 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: فەهمی دەمیر، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان[Hak-Par] لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبیل لە تەرسووسی مێرسین ژیانی لەدەست دا.

ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٧ی زایینی لە گوندێکی سەر بە کۆنیایە و لە دەیەی نەوەدی زایینیدا ڕۆڵی لە دامەزراندنی پارتی ڕەنجی گەل، پارتی دێموکرات و دواتر پارتی ئاشتیی و دێموکراسی[بەدەپە]دا بینی.

دەمیر لەم ساڵانەی دواییدا پاش داخرانی بەدەپە، تەڤلی پارتی ماف و ئازادییەکان بوو و نزیک بە دوو ساڵە، وەک سەرۆکی ئەو حیزبە درێژە بە سیاسەت دەدا.

هاوینی ئەمساڵ، پارتی ماف و ئازادییەکان، بە ڕێبەری ناوبراو و بە دروشمی “فێدراڵیزم” بۆ تورکیا”، بەشداری هەڵبژاردنی گشتیی حەوتی ژووئەنی کردبوو و نزیک به ٥٩ هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

لە شەش مانگدا دارستانەکانی مەریوان ٢١٠ جاریان ئاگرتێبەربووە

26 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: بە گوێرەی ئاماریکی کۆمیتەی بەرەنگاریی قەیرانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، لە شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، ٢١٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنە لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان و سەوڵاوا تۆمارکراوە.

زۆربەی کات ئەو ئاگرانە لە لایەن چالاکانی سەر بەو ئەنجوومەنە، ژینگەدۆستان و هاووڵاتییانی ئاسایی کۆنترۆڵ کراوە و بەرپرسان هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ کوژاندنەوە یا پێشگیریکردن لەو ئاگرانە نەکردووە.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

سی و یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جگەرخوێن لە قامیشلۆ بەرز ڕاگیرا

26 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبر، لە ڕێووڕەسمێکدا لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، سی و یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جگەرخوێن، شاعیری ناوداری کورد، بە بەشداری هەژماریک لە شاعیر، هونەرمەند، ئەدیب و هونەردۆستەوە بەرز ڕاگیرا.

ڕێووڕەسمەکە لە “ماڵا جگەرخوێن” و لە لایەن یەکێتیی نووسەرانی کوردەوە بەڕێوەچوو و تێیدا کۆمەڵێک تابلۆی شێوەکاری ناسراوی کورد “دڵدار فەلامەز” نمایش کران، شێعر و پەخشان خوێندرانەوە و گۆڤەند گیرا.

جگەرخوێن، لەدایکبووی ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی حەساری نزیک مێردینی باکووری کوردستانە بەڵام ساڵانێکی دوورودرێژ لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ماوەتەوە و پاش کۆچکردنی لە ٢٢ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨٤ی زایینیدا لە سوید، تەرمەکەی هێنراوەتەوە قامیشلۆ و لەم شارە بەخاکسپێردراوە.

جگەرخوێن، لە شاعیرانی ناوداری کوردە، ماوەیەک لە زانکۆی بەغدا وانەی کوردی وتۆتەوە و نزیک بە بیست ساڵیش لە ڕێکخراوەگەلی جۆربەجۆردا کاری سیاسی کردووە و هەر بەم هۆیەش لە شەستەکاندا لە لایەن ڕەژیمی سووریاوە قۆڵبەست و بۆ ماوەیەک زیندانی کراوە.

هەشت دیوانی شێعر، دەستووری زمانی کوردی و فەرهەنگێکی دوو بەشی و کۆمەڵێک دەستنووس و تاک شێعری بەپێز و ناسراو وەک “کیمە ئەز”ی لێ بە یادگار جێماوە.
عەگید چۆلی- قامیشلۆ

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

دیمەنی ڤیدیۆیی ئۆپێراسیۆنەکەی حەویجە بڵاوکرایەوە

26 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دیمەنی ڤیدیۆیی بەشێک لە ئۆپێڕاسیۆنەکەی حەوتووی ڕابردوویی حەویجەی بڵاوکردەوە.

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە[٣٠ی ڕەزبەر/٢٢ی ئۆکتۆبر]، تیمێکی پیکهاتوو لە کۆماندۆ ئەمریکی و هەژمارێک لە پێشمەرگەکانی هێزی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، لە ئۆپێڕاسیۆنێکی هاوبەشدا، توانیان، ٦٩ گیراوی ناو زیندانێکی داعش لە حەویجە ڕزگار بکەن.

[ڤیدیۆکە لەم لینکەدا ببینن]

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لەمبارەوە ڕایگەیاند کە هیچکام لە زیندانییە ئازادکراوەکانی حەویجە کورد نین بەڵام لە ئۆپێراسیۆنەکەدا ٢٠ چەکداری داعش کوژراون و ٦یشیان بەدیل گیراون.

هەر لەو ئۆپێراسیۆنەدا کۆماندۆیەکی ئەمریکی گیانی لەدەست داوە و ٣ پێشمەرگەش برینداربوونە و ئەوەش بە یەکەم کوژراوی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش دێتە ئەژمار و خۆی ئۆپێراسیۆنەکەش لە میدیاکانی ئەمریکادا وەک یەکەم ئۆپێڕاسیۆنی سەربازی ڕاستەوخۆی سوپای ئەمریکا دژ بە چەکدارانی داعش لە عێڕاق باسی لێوەکراوە.

شیمانە دەکرێ ئامانجی ئەو ئۆپێڕاسیۆنە ڕزگارکردنی ئەو پێشمەرگانە بن کە لە لایەن داعشەوە ڕفێنراون بەڵام لە ئاکامی زانیاریی ئیستخباراتیی هەڵەدا، نەتوانرا هیچکام لەو پێشمەرگانە ئازاد بکرێن.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

“هەڵمەتی چەپکەگوڵ”، بۆ وەڵامدانەوە بە سووکایەتیکردنی هەژماریک لە ئازەرییەکان بە کورد ڕاگەیاندرا

24 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: کۆمەڵێک لە چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی نووسراو، وێڕای مەحکوومکردنی سووکایەتیی هەژمارێک لە هاندەرانی یانەی والیباڵی شارەداریی ورمێ بە بنەماڵەی یاریزانێکی کورد، “هەڵمەتی چەپکەگوڵ”یان بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو کردەوەیە ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا کە لەژێر ناوی کۆمەڵێک لە چالاکان و وەزشڤانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکراوەتەوە، داوا کراوە کە بێڕێزیکردنی هاندەرە “ئازەری”یەکان بە شێوەیەکی “شارستانیانە، کە گوزارشت لە ڕەوشت و کەسایەتیی بەرزی کورد بکات” وەڵام بدرێتەوە.

دەستپێشخەرانی هەڵمەتەکە باسیان لە پێوەندیی دەیان ساڵەی نێوان کورد و ئازەریان کردووە و پێداگرن لەسەر ئەوەی کە وەڵامدانەوە بە سووکایەتی هەژماریک هاندەری تورک دەبێ بەدوور لە هەر چەشنە توندوتیژی و گرژییەک بێت و بە گوتەی ئەوان “هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی برایەتیی کورد و تورک دەبێ لە نوتفەدا خەفە بکرێ”.

هەر لەم چوارچێوەدا، ئەو چالاکانە پێشنیاریان کردووە کە “ئەو هاونیشتیمانیانەی ڕۆژی چوارشەممە دەچنە یاریگەی “غەدیر”ی ورمێ، وێرای خۆبەدوورگرتن لە گرژی، هاوکات لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی‌ كوردی‌، هەرکام چه‌پكه‌ “گوڵ”یان پێبێت و پێشکەشی هاووڵاتیانی‌ ئازه‌ری‌ بكه‌ن.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

کوژرانی گۆرانیبێژێکی کورد بەهۆی گوتنی سترانێکی کوردی

24 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: گۆرانیبێژێکی کورد بە ناوی “سەلیم سەرحەد”، شەوی ڕابردوو لە باڕێکی گەڕەکی ئاوجیلاری ئیستانبووڵ بە هۆی گوتنی گۆرانی کوردی لە لایەن کۆمەڵێک تورکەوە، بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی میللیەتی چاپی ئانکارا، ئەو گۆرانیبێژە گەنجە باوکی سێ مناڵە.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

سووکایەتیی هاندەرانی تیمێکی واڵیباڵی ورمێ بە بنەماڵەی یاریزانێکی کورد هەرای ناوەتەوە

23 تشرینی یه‌كه‌م 2015 5 comments

NNSROJ: سووکایەتیکردنی هەژمارێک لە هاندەرە تورکەکانی یانەیەکی والیباڵی ورمێ بە بنەماڵەی یاریزانێکی کورد، هەرایەکی زۆری لە تۆڕەکۆمەڵایتەتییەکاندا ناوەتەوە.

لە یارییەکی لیگی والیباڵی ئێراندا کە ئێوارەی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر لە نێوان یانەی “شارەداریی ورمێ” و “بانکی سەرمایە” لەم شارە بەڕێوەچوو، هەژمارێک لە هاندەراە تورکەکانی یانەی شارەداری ورمێ، بەهۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردی، سووکایەتییان بە بنەماڵەی “فەرهاد پیرۆت پوور”، یاریزانی مهابادیی تیمەکەیان کرد و ئەمەش تووڕەبوونی ئەو یاریزانە کوردەی لێکەوتەوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە، لەگەڵ هاتنەژووری چەند ئەندامی کوردی پۆشی فەرهاد پیرۆت پوور بۆ ناو بەشی میوانانی ساڵۆنەکە، هەژمارێک لە هاندەرە تورکەکان بە گوتنی “بێ شەڕەف و قورمساخ” جنێوبارانیان دەکەن.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

یەکێک لە قوربانیانی هێرشە خوێناوییەکەی سوید بە کورد دەرچوو

23 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: زانرا کەو ئەو مامۆستا یاریدەدەرە گەنجەی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبر لە هێرشە ڕاسیستییەکەی گەنجێکی سویدی هاوتەمەنی خۆی لە قوتابخانەی “کرۆنان”ی ترۆلهێتتانی ڕۆژئاوای سوید گیانی لەدەست دا، ناوی “لاوێن ئەسکەندەر”ە و کوڕە کوردێکی فەیلی لەدایکبووی باشووری کوردستانە.

لاوێن لە کاتێکدا کە هەوڵی پاراستنی قوتابییەکان لە هێرشبەرە دەمامکدارە شمشێربەدەستەکەی داوە بریندار کراوە و پاشان لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گیانی لەدەست داوە.

جگە لە لاوێن، قوتابییەکی تەمەن ١٥ ساڵانیش کە دەگوترێ بە ڕەچەڵەک سۆمالییە گیانی لەدەست داوە و خۆی هێرشبەرەکەش بە گوللەی پۆلیس کوژراوە.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

“کلیپی قەدەخەکراوی هەدەپە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن”

23 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

“بابەگیان سەعات چەندە؟”
#ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئەم ڤیدیۆکلیپە کە دوو ڕۆژە لەژێر ناوی “کلیپی قەدەخەکراوی #هەدەپە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بۆتە مایەی سەرنجی چالاکانی کورد و تورک. کلیپەکە ڕاستەوخۆ “ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان”، سەرۆککۆماری تورکیا و “بیلال”ی کوڕەکەی کردۆتە ئامانج کە دوو ساڵ پێش دۆسیەیەکی مەزنی گەندەڵیان لێ ئاشکرا بوو و لە فایلێکی دەنگیدا کە دواتر دزەی کردە میدیاکان، ئەردۆغان و بیلالی کوڕی، پلانی چۆنییەتی شاردنەوەی بڕێکی زۆر پارەی بێ حیساب و کتاب لە ماڵەکەیان دادەریژن و … دروشمێکی گرینگی تری ناو ئەو ڤیدیۆکلیپە، “تۆ ناکەین بە سەرۆک”ە، کە لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەندا، دروشمی سەرەکیی هەدەپە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بوو.
ژێرنووسی سۆرانی ئەو کلیپە، لە لایەن ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژەوە ئامادەکراوە.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

“هیچکام لە ڕزگاکراوەکانی حەویجە کورد نین”

22 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: تیمێکی کۆماندۆی ئەمریکا و هەژمارێک لە پێشمەرگەکانی هێزی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، لە ئۆپێڕاسیۆنێکی هاوبەشدا، توانیان شەوی ڕابردوو، ٦٩ گیراوی ناو زیندانێکی داعش لە حەویجە ڕزگار بکەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە ڕایگەیاند کە هیچکام لە زیندانییە ئازادکراوەکانی حەویجە کورد نین بەڵام لە ئۆپێراسیۆنەکەدا ٢٠ چەکداری داعش کوژراون و ٦یشیان بەدیل گیراون.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەو ئۆپێراسیۆنەدا سەربازێکی ئەمریکی گیانی لەدەست داوە و ٣ پێشمەرگەش برینداربوونە.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

پارتی گڵۆپی سەوزی بۆ گەڕانەوەی گۆڕان بۆ ناو حكوومەت داگیرساند

21 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: هەرچەند لە دوای قوڵتربوونەوەی بارگرژییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە حکوومەت و رێگریكردن لە رۆیشتنی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر، بەرپرسانی پارتی بەبەردەوامی جەختیان لەوەدەكردەوە كە لە گفتوگۆكانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی حکوومەت لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە كۆنابنەوە، بەڵام لە هەڵوێستێكی نوێدا سەركردەیەكی باڵای پارتی ئەگەری دانیشتن لەگەڵ گۆڕان و گەڕانەوەی بۆ ناو حکوومەت خستەڕوو.

“كاكەمین نەجاڕ”، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆلوو ڕایگەیاندووە کە پارتی پاش دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمان، قۆناغی دووەم دەستپێدەکات کە بە گوتەی ئەو بریتییە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بێ بزووتنەوەی گۆڕان، و راوێژپێكردنییان لەسەر شێوازی نوێی كابینەی حكوومەت.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

کۆچی بەکۆمەڵی سەدان کوردی ڕۆژهەڵات بەرەو ئەورووپا

21 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: هاوکات لەگەڵ کۆچی بەکۆمەڵی پەناخوازانی سووری لە چەند مانگی ڕابردوودا و سەرەڕای مەترسی و دژوارییەکانی ئەو ڕێگە، سەدان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەرەو ئەورووپا کەوتوونەتە ڕێ.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ گەیشتوون، لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، سەدان کەس بە تایبەت لە ناوچەی موکریانەوە خۆیان گەیاندۆتە ئیستانبووڵ تا لەم شارەوە بە شێوەی نایاسایی و لە ڕێگەی دەریاوە، خۆ بگەیەننە دوڕگەکانی یوونان.

“ڕ.ش”، یەکێک لەو کەسانە، سەبارەت بە کۆچەکەی به ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژی ڕاگەیاند کە لەگەڵ گرووپێکی ٥٤ کەسی پێکهاتوو لە چەند بنەماڵە و گەنجی سەڵتی ناوچەی موکریان بە بەلەم[یەخت]ێکی مۆتۆڕدار لە دەریای ئێژەیان داوە و خۆیان گەیاندۆتە دوڕگەی کۆسی یوونان.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

تاڵانکرانی زێڕینگەرییەک لە ڕەبەت

21 تشرینی یه‌كه‌م 2015 1 comment

NNSROJ: پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، زێڕینگەرییەکی شاری ڕەبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سێ چەکدارەوە تاڵان کرا.

بە گوتەی “کەریم ئازەر” خاوەنی زێڕینگەرییەکە، ئەو سێ چەکدارە، ویترینی دووکانەکەیان شکاندووە و بڕێکی زۆری زێڕەکەیان دزیوە و بە سواری مۆتۆرسیکلێت ڕایانکردووە.

چەند کاتژمێر پاش ئەو ڕووداوە، دزەکان، مۆتۆرسیکلێت، دەمامک و بەشێک لە جلوبەرگەکانی کاتی دزیکردنەکەیان لە نزیک گوندی “هەنداوێ” بەجێهێشتووە و لە شوێنەکە دوورکەوتوونەتەوە.

ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ تا ئێستا زانیارییەکی سەبارەت بە ناسنامەی ئەو گرووپە یا قۆڵبەستکرانیان دەست نەکەوتووە.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

“پێشوازی لە هەوڵە دۆستانەکانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین”

18 تشرینی یه‌كه‌م 2015 3 comments

NNSROJ: وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەری ئیرنا، پێشوازی لە هەوڵە دۆستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

سەفین دزەیی، لەم دیمانەیەدا، ڕۆڵی ئێرانی لە ناوچەدا بە “ئەرێنی” وەسفکردووە و کۆنفڕانسی ئاسایشیی مونیخ لە تاران و دەستپێشخەرییەکانی ئەو وڵاتە بۆ گوتەی ئەو بۆ “یەکخستنی بۆچوونەکان” لە بەرەنگاریی تیرۆریزمدا بە هەنگاوێکی گرینگ لەقەڵەم داوە.

دزەیی هەروەها وتوویەتی کە ئێران لە کۆنەوە پێوەندیگەلێکی باشی لەگەڵ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە و بەردەوام ڕۆڵێکی ئەرێنی لە پێشهاتەکانی ناوچەدا گێڕاوە و ئێمەش پێشوازی لە هەر چەشنە هەوڵێکی دۆستانە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێم دەکەین.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، بەشداریکردنی نێچیروان بارزانی و وەفدی حکوومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسەکەی تارانی بە گرینگ زانیوە و وتوویەتی کە سەرباری بۆچوونی جیاوازی لایەنە بەشداربووەکان، ئەو کۆنفڕانسە دەتوانێ هەنگاوێکی باش لە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە جیهادییەکاندا بێ.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

ئومێد دەباغچی موکری بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

18 تشرینی یه‌كه‌م 2015 2 comments

NNSROJ: بە گوێرەی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ، پاشنیوەڕۆی شەممە ٢٥ی ڕەزبەر، ئومێد دەباغچی موکری، گیراوی سیاسیی کورد ئاگادار کراوەتەوە کە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهابادەوە بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ناوبراو تۆمەتگەلێک وەک “هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران” لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاتیەتییەکاندا و ئەندامەتی لە حیزبێکی سیاسیی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران”ی خراوەتە پاڵ.

ئومێد دەباغچی موکری، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوییە، ئەندازیاری کامپیوتەر و کارناسی بەڕێوەبەرییە.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ